سیستەمی تەواوکاری دابڕ (عەزل)ی دەرەوە
دابڕێکی بەردەوامی فرە چینە لەسەر ڕووکاری دەرەوەی دیوارەکان، ئەم سیستەمە لە خانو و باڵاخانەکانیشدا بەکاردێت.
ئەم سیستەمە لە ساڵی ١٩٦٠ کاندا لە ئەمریکا ناسێنرا ، سەرەتا بۆ تەلارە بازرگانیەکان بەکارهات دواتر بۆ خانووەکان.
سیستەمی دابڕی تەواوکاری دەرەوە سیستەمێکە قورسایی هەڵناگرێتەوە، بەڵکو لەسەر ڕووی دیوارەکانی دەرەوە جێگیر دەکرێت کە پێکدێت لە تەبەقی عەزل (دابڕ) کە بە لکێنەر لەسەر دیوارەکە جێگیردەکرێت و پاشان برغوی تایبەتی لێدەدەرێت بۆ زیاتەر بەهێزی جێگیر بوون.
لەدوای جێگیرکردنی تەبەقی عەزلەکە ڕووپۆش دەکرێت عەزلەکە بە لەبغێکی ئامادەکراوی نەرم کە لەگەڵیدا شەبەکەی ڕیشاڵی فایبەر بەکاردەهێنرێت بۆ بەهێزبوونی لەبغە ئامادەکراوەکە و پاراستنی لە دروست بوونی درز و تەقین.وە لە کۆتایدا سیستەمەکە بە چینێکی پارێزەری بەهێز دادەپۆشرێت کە پێی دەوترێت دیکۆرەتیڤ.
“هەمیشە ڕووکاری دەرەوەی بیناکان گەورەترین ڕووبەرە لە نێوان ژورەوە و ژینگەی دەرەوە، کە زۆرترین بە فیڕۆچوونی گەرمی تێدا ڕوو دەدات، واتە بە نموونە لە زستاندا گەرمی نێو ماڵەکە زۆر بە ئاسانی لە ماوەیەکی کەمدا بە فیڕۆ دەچێت و نێو ماڵەکە یاخود بیناکە سارد دەبێتەوە و بە هاوینیشدا بە پێچەوانەوە زۆر بە خێرایی گەرمی دەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو بیناکە.سیستەمی عەزلی دەرەوە باشترین ڕێگەیە بۆ پارێزگاریکردن لە بەفیڕۆچوونی وزەی گەرمی نێو بیناکانمان“
بەکارهێنانی خوری بەردین (ستۆن ووڵ) لە سیستەمی تەواوکاری عەزلی دەرەوە زۆرترین سود و تایبەتمەندی زیاد دەکات بۆ سیستەمەکە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بێجگە لە عەزلێکی زۆر باشی سەرما و گەرما دەکات عەزلێکی زۆر باشی دەنگ و ئاگر دەکات، وە کۆنترۆڵکردنی ڕتوبەت لە هەمان کاتدا.
پێکهاتەکانی سیستەمی تەواوکاری عەزلی دەرەوە EIFS
ئەم سیستەمە فرەچینە بە گوێرەی جۆری کارەکە ئەگونجێ گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەڵام شێوازە نموونەیەکەی بەم شێوەی خوارەوەیە و لەم چینانە پێکدێت:
1- دیکۆرەتیڤ ئەو چینەیە وەک چینی کۆتایی سیستەمەکە بەکاردێت کە بەوە جیا دەکرێتەوە پێکهاتەکەی بەهێزە و توانای گونجان و مانەوەی لەگەڵ ژینگەی دەرەوە هەیە، وە لە کۆتایدا دەتوانین بە هەر ڕەنگێک بمانەوێت بۆیاخی دەکەین.
2- بەکارهێنانی شەبەکەی ڕیشاڵی فایبەر لەگەڵ لەبغە ئامادەکراوەکە بۆ پاراستنی لە دروستبوونی درز.
3- لەبغی ئامادەکراو ، کە پێویستە لەبغێکی نەرم و workable بێت واتە کارپێکردنی ئاسان بێت، بەهێز بێت و توانای لکاندنی باش بێت لەسەر تەبەقی عەزلەکان.
4- بەکارهێنانی بزماری پلاستیکی تایبەت بە جێگیرکردنی تەبەقی عەزلەکە لەسەر دیوارەکە.
5- بەکارهێنانی تەبەقی عەزل کە دەکرێی یەکێک لەمانە بێت EPS (تەپەدۆری تایبەت) یاخود XPS (فومی پستێنراو) یاخود خوری بەردین Stone Wool.
6- چینێکی ئاوبڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕتوبەت لەسەر ڕووی دیوارەکە دەدرێت.(زیاتر ئەمە بۆ جێبەجێکردنی بینای دار بەکاردێت یاخود ئەو کاتەی پێویستیت بە بزماری جێگیرکردنی عەزلەکە نابێت).
7- دیواری بنچینەیی
سودەکانی سیستەمی تەواوکاری عەزلی دەرەوە EIFS
ئەم سیستەمە کۆمەڵێک سودی زۆر باشی هەیە، ئەگەر بێتو بەرهەمی کوالێتی باش و ستافی شارەزا و پرۆفیشناڵ بەکار بهێنرێن لە کارەکەدا.
• پارێزگاریکردن لە وزە
لەوانەیە گرنگترین تایبەتمەندی ئەم سیستەمە ئەوەبێت کە کاری پارێزگاریکردنی وزەی نێو بیناکان دەکات، وادەکات بە هاویندا بیناکان فێنکبن و بەزستاندا گەرمبن بە کەمترین بەکارهێنانی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەمریکای باکور EIFS سیستەمی تەواوکاری عەزلی دەرەوە ٪٨٤ باشترە لە سیستەمەکانی تری وەک خشت و بەرد و لەبغ بۆ پارێزگاریکردن لە وزە.
• کۆنترۆڵکردنی ڕتوبەت
بەهۆی ئەم سیستەمەوە ئەگەر ڕوودانی ڕتوبەت زۆر کەم دەبێتەوە بەهۆی ڕاگرتنی پلەی گەرمی ناوەوە تا ڕادەیەک بە جێگیری.
• مانەوە و خۆڕاگری
ئەم سیستەمە بە تەواوی دەگونجێت لەگەڵ ژینگە جۆراوجۆرەکانی دەرەوە و بەرگەی کەش و هەوای جیاواز دەگرێت، کە ئەمەش لە دوای ئەوەی ئە سیستەمە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا ئەزموونکراوە و سەرکەوتووبوە هەر لە ساردترین وڵاتانی دنیا وەک نەرویج و کەنەدا و ڕوسیا وە هەروەها لە وڵاتە گەرمەکان وەک باشوری ئەفریقیا و قەتەر و سعودیە و عێراقیش بەکارهاتووە و سەرکەوتووبوە.
• ئاسان چاککردنەوە
بەهۆی ئەوەی چینی کۆتایی ئەم سیستەمە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز نیە، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت گۆڕنکاری لە ڕەنگ و شێوەی دەرەوەدا بکرێت لەگەڵ ئەوەشدا لە حاڵەتی شکان چاککردنەوەی ئاسانە ئەو بەشەی کە زیانی بەردەکەوێت پاک دەکرێتەوە و دووبارە دیکۆرەتیڤ دەکرێتەوە بێ ئەوەی پێویست بکات تەواوی سیستەمەکە هەڵبوەشێنیتەوە.
• گشتگیری و جۆریەتی
ئەم سیستەمە بوارێکی زۆر فروان دەخاتە بەردەم بەکارهێنەرانی کە دەکرێت بۆ فۆرم و دیزاین جیاواز بەکاربهێنرێت هەروەها، بەهۆی بوونی تێکسچەر زۆر و جیاواز ئاسانکاری بۆ تەلارسازەکان دەکات کە بتوانن ئەم سیستەمە بەکاربهێن و لەگەڵ دیزاینەکانیان بگونجێت، کە ئەمەش دەوەستێتە سەر زیرەکی و کارامەیی ئەو تیمەی کە کارەکە جێبەجێدەکەن.
سەرچاوەکان:
1.ROCK WOOL (Exterior Insulation Finishing System) application guide
2.gbdmagazine
3.STO corp